18/02/2026
من تەباییی ناکۆکییەکانم:
کۆنی تازەم.
زامی ساغم.
سوێی تریقەی پێکەنینم.
ماڵی بێجێم.
بەهەشتییەکی دۆزەخیم.
ڕەشەبایەکی لەسەرخۆم.
شەماڵێکی پڕ لە پشکۆم.
شەرابی بێدارکەرەوەم.
تۆبەی مەستم.
پەپوولەیەکی زۆر دڕم.
کڵپەیەکی سارد و سڕم.
خۆرەتاوێکی تاریکم.
تاریکاییی چراخانم.
کوێستانێکی پڕووکاو و
بیابانێکی پاراوم..
تەم و مژ و لێڵیی: ڕوونم.
من ئەشکەنجەی کامەرانی و پێکەنینم.
ئاخ لە من ئاخ لە من ئاخ.
نامۆی ناو ماڵەکەی خۆم و
غەریبی ناو گیانی خۆمم.
سپیی ڕەش و ڕەشی سپی و
دەنگدانەوەی ناو بێدەنگی و
ڕەنگدانەوەی ناو بێڕەنگی و
سووڕانەوەی ناو وەستانی جەستەی خۆمم.
من بیناییی نابیناییم،
من کەسدارێکی بێکەس و
جوگرافیای بێخەریتە و
ماتماتیکی بێژمارە و
کارەساتی بێدیرۆک و
ڕێزمانی بێزمانی دەنگی خۆمم!
من لە تەمتوومانی سەدەی خۆمدا
لە ئاگری جەستەی خۆمدا و
لەسەر کورسیی خاچەکەی خۆم
هەموو جارێ
بە دیداری ئەو ئازارە سووتاوانە شاد ئەبم
کە دوای من ڕسکان و نەمدین.
______________________